قایمقامی سۆران: لە یەکەم هەنگاو زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتی لە پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەند دەبن

Published at: Aug, 10 2025

قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی بە دابەشکردنی نامیلکەی خۆتۆمارکردن بەسەر هاوبەشانی کارەبا لە گەڕەکەکانی (ئاوارە، دیلان، قەندیل، وەستا ڕەجەب) دەستی پێکرد.

گوتیشی: لەیەکەم قۆناغی جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکیدا، زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتی سوودمەند دەبن و لە کۆی 114 مووەلیدەی گەڕەکەکان، 11یـان دەکوژێنرێتەوە.

قایمقامی قەزای ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەیدا، پڕۆژەی ڕووناکی تاوەکو مانگی تیشرینی یەکەم، سەرجەم گەڕەکەکانی سۆران دەگرێتەوە و کارەبای 24 کاتژمێری دەگاتە هەموو ماڵێک.

بە گوێرەی ئەو ئامار و ڕووپێویەی پرۆژەی ڕووناکی بڵاوی کردووەتەوە، ئێستا ناوەندی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبایان کراوەتە 24 کاتژمێری و دوو ملیۆن 722 هەزار و 500 هاووڵاتی سوودمەند بوون، کە دەکاتە نزیكه‌ی 40%ـی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاریشە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 سەرتارسەری هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی کارەبای ببێتە 24 کاژمێری.

هەروەها تاوەکوو ئێستا لەناوەندی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە زیاتر لە 2,517 مووەلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراوەتەوە و بەگوێرەی پلانی جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی تاکۆتایی ساڵی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر 7,000 موەلیدە بکوژێنێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.


کوردستان ٢٤